کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نورویژیان کرد.

25خاکه‌لێوه‌ی1390
که مپه ینی به رگری له زیندانیانی سیاسی نه ته وه کانی ئێران
شاندێکی پێکهاتوو لە کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران و کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە نورویژ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ناوبراویان کرد.
ئەو شاندە کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ، مەنسوور عەزیزی، گووتەبێژی کەمپەین لە نورویژ و کامیل قادری، ئەندامی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لەو وڵاتە، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠١١ی زایینی، لە لایەن " تور شێنس ئارڤیک" ەوە، لە بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی نورویژەوە، پێشوازییان لێکرا و دواتر دوو لایەن ئەم بابەتانەی خوارەوەیان دایە بەرباس:
_ مافەکانی مرۆڤ و دوایین هەنگاوەکانی یەکیەتی ئوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەو پێوەندییانەدا، لە ئێران.
_ کوردەکان وەک نەتەوەیەکی خەباتکار لە پێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و دێموکراسی لە ئاستی ئیران و ناوچەکەدا و هەوڵەکانی ئەوان بۆ هێنانە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ئێراندا.
_ بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ئێران و کوردستان و باس کردن لە پێناسەیەکی تایبەت بە کورد لە نێو ئەو بزووتنەوانە و پێویستیی تیشک خستنە سەر ئەو خاڵە.
_ زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران و پێشێلکرانی مافەکانیان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
_ ئیعدام ،کوشتن ، لەسێدارەدان و ئەشکەنجە و دەست بەسەرداگرتنەکان لە ئێران و ویستی پەرەدانی زیاتر بەو رەوتە لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
_ گرتن و دەسبەسەرکردنی رۆژنامەوانان لە ئاستێکی گشتیدا لە ئێران و بەهێزتربوونی ئەو بارودۆخە لە دژی رۆژنامەوان و چالاکوانانی سیاسیی کورد  بە تایبەتی، لە لایەن رێژیمەوە.
_ کوشتن و لەسیدارەدانی منداڵانی خوارەوەی تەمەن ١٨ ساڵ، لە لایەن دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێراندا و نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەو پێوەندییەدا.
_ پەنابەرانی کورد لە وڵاتی نورویژ و ئەو فشارانەی کە ناوەندی پەنابەریی و ناوەندە فەرمییە حکومییەکان لەو وڵاتە،بۆ ئەو پەنابەرانەی دێنن و هەروەها ناردنەوەی پەنابەری لاوی تەمەن ١٩ ساڵەی کورد، رەحیم رۆستەمی  بۆ ئێران و راسپێرانی ناوبراو بە رێژیمی ئێران لە لایەن نورویژەوە.
_ کوردەکان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ لە وڵاتی نورویژ و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە بەشی تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە، زیاتر کار بکات لە سەر دۆزی کورد بە گشتی .
_ پێوەندییەکانی نێوان دوو لایەن و پتەوترکردنی ئەو پێوەندییانە لە داهاتوودا.
شایانی باسە لە کۆتایی ئەو دیدارەدا کە نزیک بە کاتژمێرێکی خایاند، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نورویژ بۆ کاروباری رۆژهەلاتی نێوەڕاست،" تور شێنس ئارڤیک" ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان، تا ئێستا چەند جار باڵوێزی ئێرانیان بانگ کردووە و بە فەرمی دژایەتیی خۆیانیان لە دژی پێشێلکرانی مافەکانی کەمە نەتەوەیی، ئایینی و هەروەها مافە  مرۆییەکان، کە لە ئێراندا بەڕێوە دەچن، دەربڕیوە و هاوکات قامکی خستە سەر ئەو خاڵە کە هەر لە دژی ئەو رەفتارانەی رێژیمی ئێران، ئێستا شرکەتی " ستات ئویل"ی نورویژی لە ئێران کشاوەتەوە و چیدی لەوێ کار ناکات.
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران_ نورویژ
کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی_نورویژ
١٣ی ٤ی ٢٠١١ی زایینی