به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران بوَ پشتگیری له‌ كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران

هاونیشتمانانی به‌رێز !
خه‌ڵكی خه‌باتگێری كوردستان!
له‌ چوارچێوه‌ی خه‌بات دژ به‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 1ی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 1389ی هه‌تاوی، به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ ئامانجی به‌رگریكردن له‌ مافی پێشێلكراوی ئه‌م زیندانییانه‌‌و له‌قاودانی جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌ NGO‌و كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌ ژێر ناوی" كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران" ڕاگه‌یه‌ندرا‌و پاش ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ كه‌مپه‌ین داوای له‌ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد كه‌ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا پشتگیرییان بكات.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كه‌ هه‌میشه‌ دژی زیندانیكردنی خه‌ڵك، به‌ تاوانی بوونی ده‌نگی جیاواز‌و لایه‌نگری پاراستنی مافی ئه‌وان بووه‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ به‌رز ده‌نرخێنێ‌و پشتگیریی خۆی له‌ ئامانجه‌كانی كه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ مافی پێشێلكراوی زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌و له‌قاودانی جینایه‌ته‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی، ڕاده‌گه‌یه‌نێ‌‌و داوا له‌ ئه‌ندامان، لایه‌نگران‌و دۆستانی حیزبه‌كه‌مان ‌و له‌ هه‌موو هاونیشتمانێكی ئازادیخوازی ئێرانی‌و هه‌موو كوردێكی دڵسۆز له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا ده‌كا یارمه‌تیده‌ری سه‌ركه‌وتنی ئامانجه‌كانی ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ بن.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
3/12/1389