راگه‌یه‌ندراوی‌ پشتیوانی‌ له‌ كه‌مپه‌ینی‌ به‌رگری‌ له‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران

هه‌موو یاسا و پرنسیپه‌ جیهانییه‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، چالاكییه‌ سیاسی‌ و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ مافێكی‌ ره‌وای‌ هه‌رتاكێكی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌ ئه‌ژمار ده‌هێنن، كه‌ هیچ لایه‌ن‌و حكوومه‌تێك نابێ‌ پێشێلیان بكات‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ‌ رێزیان لێ‌ بگرێ‌. گه‌رچی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران له‌ ساڵی‌ 1357دا ئامانجی‌ ئازادی‌‌و دێمۆكراسی‌‌و، دابینكردنی‌ ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ گه‌ڵانی‌ ئێران بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی‌ ده‌سكه‌وته‌كانی‌ شۆڕش له‌لایه‌ن تاقمێكه‌وه‌ كه‌ هیچ باوه‌ڕێكیان به‌و ئامانجانه‌ نه‌بوو، شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران به‌ره‌وڕووی‌ چاره‌نووسێكی‌ دیكه‌ بۆوه‌، چاره‌نووسێك كه‌ پێویستیی‌ به‌ شۆڕشێكی‌ سه‌رله‌نوێ‌ هه‌یه‌ تا وه‌دیهێنه‌ری‌ هه‌ر ئه‌و خواست‌و داواكارییانه‌ بێت كه‌ خه‌ڵكی‌ ئێران 32 ساڵ‌ له‌مه‌و پێش خوێنیان له‌ پێناویدا رشت. له‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ سێ‌ ده‌یه‌یه‌دا حكوومه‌تی‌ به‌ناو ئیسلامی‌ ئێران كه‌ به‌ ناڕه‌وا به‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانی‌ شۆرش دا زاڵ‌ بوو، له‌ رێگه‌ی‌ ناڕه‌واشه‌وه‌ هه‌وڵی‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ داوه‌. به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ به‌ ژیانی‌ خۆی‌ بدا كه‌ڵكی‌ له‌ هه‌ر رێگه‌‌و ئامرازێكی‌ ناڕه‌وا وه‌رگرتووه‌. له‌م راستایه‌دا هه‌ر چه‌شنه‌ چالاكییه‌كی‌ ئازادانه‌ی‌ سیاسی‌، مه‌ده‌نی‌، فه‌رهه‌نگی‌، دینی‌، ئایینی‌‌و... به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر مانه‌وه‌‌و به‌رده‌وامیی‌ ژیانی‌ خۆی‌ به‌ ئه‌ژمار هێناوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش به‌توندوتیژترین شێوه‌ی‌ ره‌خساو به‌ره‌وڕووی‌ بووه‌ته‌وه‌‌و هه‌موو رایه‌كی‌ جیاواز‌و چالاكییه‌كی‌ سیاسی‌، مه‌ده‌نی‌، فه‌رهه‌نگی‌‌و... سه‌ركوت كردووه‌‌و ...
به‌ هه‌موو تواناوه‌ هه‌وڵی‌ بێده‌نگ كردنی‌ داوه‌. له‌ پاڵ‌ ئه‌مانه‌شدا هه‌بوونی‌ یاسا‌و رێوشوێنه‌ هه‌ڵاواردن ئامێزه‌كانی‌ دیكه‌ ره‌وشی‌ چالاكانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانی‌ ئێرانی‌ گه‌لێك دژوارتر كردووه‌ته‌وه‌.
كۆماری‌ ئیسلامی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌زۆكی‌ گرتن، دادگایی‌ كردن، ئه‌شكه‌نجه‌ جه‌سته‌یی‌، رۆحی‌‌و ره‌وانییه‌كان‌و سه‌پاندنی‌ حوكمی‌ قورسی‌ به‌سه‌ر چالاكه‌ گیراوه‌كان دا، وه‌ك دوورخستنه‌وه‌‌و سه‌پاندنی‌ حوكمی‌ زیندانی‌ درێژ ماوه‌‌و ته‌نانه‌ت سێداره‌ش بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ر چه‌شنه‌ چالاكییه‌ك به‌تایبه‌ت چالاكییه‌ سیاسییه‌كان به‌كار هێناوه‌، هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بدرێ‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ره‌وتی‌ دادگایكردنه‌كانیش ته‌واو ناعادڵانه‌ بوون‌و هه‌ن‌و، ئه‌و حوكمانه‌ی‌ له‌م جۆره‌ دادگایانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت ده‌بێ‌ جێی‌ ره‌زامه‌ندیی‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بێت. به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌ به‌رله‌وه‌ی‌ ره‌وتی‌ دادوه‌ری‌ به‌ڕێوه‌ بچێ‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ ئیسلامی‌ به‌شێوه‌ی‌ پێش وه‌خت بڕیاریان له‌سه‌ر تاوانباربوونی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ده‌ن‌و دادگا ته‌نیا حاله‌تێكی‌ فۆرمالیته‌ی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیار‌و راسپارده‌كانی‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تییه‌كان هه‌یه‌.
هه‌ر له‌م راستایه‌شدا بۆ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ سیاسی‌، زیندانیی‌ سیاسی‌، ئه‌شكه‌نجه‌ بۆ ئامانجی‌ سیاسی‌، ئیعدامی‌ سیاسی‌‌و قه‌ده‌غه‌بوونی‌ چالاكی‌ سیاسی‌، یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران پشتیوانی‌ خۆی‌ له‌ "كه‌مپه‌ینی‌ به‌رگری‌ له‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران"، كه‌ بوونی‌ خۆی‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 1ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 1389 به‌مه‌به‌ستی‌ داكۆكی‌ له‌ گیراوانی‌ سیاسی‌ راگه‌یاند، ده‌رده‌بڕێ‌‌و داواش له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ ـ له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ بن ـ ده‌كات پشتگیری‌ ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ بكه‌ن.
هه‌یئه‌تی‌ ئیجرائی
یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران
5ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 1389
24ی‌ فێوریه‌ی‌ 2011