پشتگیری ناوه‌ندی نێرگز له‌ كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران




"ئاخ دایكه‌ گیان ئه‌گه‌ر ئازادی به‌فر بووایه‌ت... هه‌موو ژیانم بێ سه‌رپه‌نا ده‌نووستم"

(ئه‌مه‌ شێعری شاعیرێكی عه‌ره‌بی تینووی ئازادی بوو كه‌ باوكم به‌ هێڵێكی گه‌وره‌ له‌ سه‌ر دیواری ژووره‌كه‌ی هه‌ڵی واسیبوو. به‌ڵام ئێستا باوكم بۆ دیتنی خه‌ونی ئازادی له‌ ژووره‌ ته‌نگ‌و تاریكه‌كانی به‌ندیخانه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی زیندانیه‌‌و میچێكی نزم‌و ژوورێكی ته‌نگ‌و تاریك ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیه‌وه‌. من هه‌رچی شه‌وه‌ خه‌وی ئازادی باوكم ده‌بینم‌و به‌یانی پرسیار له‌ دایكم ده‌كه‌م: دایكه‌ باوكم كه‌ی ئازاد ده‌بێ؟ ئه‌ویش به‌ گۆشه‌ی له‌چكه‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی پاك ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێ: خوا گه‌وره‌یه‌.)

ئه‌م پاراگرافه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌قی نامه‌ی كچێكی مێرمنداڵی كوردستانی ئێران بوو كه‌ به‌ڕێی كردبوو بۆ ناوه‌ندی نێرگز. ناوه‌ندی نێرگز وه‌ك ناوه‌ندێكی داكۆكیكاری مافه‌كانی منداڵان‌و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێران‌و به‌رپرسیار له‌ هه‌مبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانیان، به‌ بیستنی درووست بوونی كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ، به‌ پێویستی زانی ده‌قی ئه‌م نامه‌یه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵ‌ پشتگیریه‌كه‌ی خۆی له‌ كه‌مپه‌ینی ناوبراو بنێرێت بۆ هاوڕێیانی به‌رپرس له‌و كه‌مپه‌ینه‌و، ئاگاداریان بكاته‌وه‌ كه‌ مافی هه‌بوونی سه‌رپه‌رشت یه‌كێ له‌ مافه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌موو منداڵانی جیهانه‌،"مادده‌ی 5: ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌بێ ماف‌و به‌رپرسایه‌تیه‌كانی سه‌په‌رشتی منداڵ‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ په‌ره‌وه‌رده‌ی منداڵ‌ به‌ هه‌ند بگرێ‌و رێزی بۆ دابنێ." به‌ڵام به‌  ... 



داخه‌وه‌ ئێستا به‌شێكی به‌رچاو له‌ منداڵانی كورد له‌ كوردستانی ئێران له‌ مافی هه‌بوونی باوك، یان دایك به‌ بیانووی دژایه‌تی ته‌ناهی نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌ندێ بیانووی پڕووپووچ‌و بێ بنه‌ما بێبه‌شن‌و ئه‌مه‌ش سته‌مه‌ێكی ناڕه‌وایه‌ له‌ هه‌مبه‌ر منداڵانی كورد له‌ كوردستانی ئێراندا كه‌ له‌ مێهره‌بانی باوك یان دایكیان بێبه‌ش كراون‌و سه‌رپه‌رشته‌كانیان له‌ زیندانه‌كانی رێژیم خه‌و به‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌بینن‌و منداڵه‌كانیش به‌ بێ سێبه‌ری باوك‌و دایك خه‌ونی ئازادی باوك‌و دایكه‌كانیان ده‌بینن.

ئێمه‌ وه‌ك ناوه‌ندی نێرگز بۆ په‌روه‌رده‌ی فیكری‌و هونه‌ری منداڵان‌و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێران، وێڕای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌ هه‌مبه‌ر گرتن‌و ئێعدام كردنی چاڵاكانی مافی مرۆڤ‌و به‌ندكراوانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، داوا له‌ كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ده‌كه‌ین كه‌ له‌ خه‌بات‌و تێكۆشان بۆ له‌قاودانی سیاسه‌ته‌ دڕنده‌كانی رێژیم له‌ نێو زیندانه‌ مه‌ترسیداره‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌س هه‌ڵنه‌گرن‌و جارێكی دیكه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ منداڵان‌و مێرمنداڵانی كوردستانی ئێران به‌ تایبه‌ت ئه‌و منداڵ‌‌و مێرمنداڵانه‌ی كه‌ باوك یان دایكیان له‌ زیندانه‌كانی رێژیمدایه‌ یان خود وه‌ك مێرمنداڵ‌ له‌ زیندانه‌كانی رێژیمدان پشتگیری له‌ خه‌باتی ڕه‌واتان ده‌كه‌ین.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی نێرگز
14/12/1389
5/3/2011