کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرایەتیی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران لە نورویژ و ناوەندی ئوسلۆ بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ


رۆژی سێ شەممە، رێکەوتی ٢٢ی ٣ی ٢٠١١ی زایینی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرایەتیی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران لە نورویژ و ناوەندی ئوسلۆ بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، لە بنکەی سەرەکیی ئەو ناوەندە لە ئوسلۆ، پێکهات.
لەو دانیشتنەدا سەرەتا "ئاننە هویس هاگن" بەرپرسی بەشی پرۆژەی ساڵانەی ناوەندی ئوسلۆ بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، بەخێرهاتنی شاندی کەمپەینی کرد و خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی کە کەمپەینێکی ئاوا سەربەخۆ لە پێوەندی لە گەڵ ئازادی رادەربڕین لە ئێران و مافی زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران، دەستی بە کار کردووە و سووپاسی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێرانیان کرد کە ئامادەی دانیشتنەکە بووە.
دواتر مەنسوور عەزیزی، وێڕای سووپاس و پێزانین بۆ بانگهێشتی ناوەندی ئوسلۆ، بە وردی لەسەر کەمپەینەکە زانیاری پێدان و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەوڕۆ لە ئێراندا ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی رێپێوان و ئازادیی پێکهێنانی ناوەندی ئازاد و سەربەخۆ و ئازادیی رۆژنامە، بە تووندی قەدەغەیە و ئێستا لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئێراندا هەزاران بەندیی سیاسی گیانیان لە مەترسیدایە. ناوبراو داوای لە ناوەندی ئوسلۆ بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ کرد کە لە نێو پرۆژەی ساڵانەیاندا تیشک بخەنە سەر پرۆژەی کاری لە سەر دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و هاوکات گلەیی ئەوەی لێکردن کە لە پرۆژەکانی ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ی زایینیدا، زۆر بە کەمی باس لە سەر ئێران کراوە و داوای کرد کە لەو پێوەندییەدا هەوڵی زیاتر بدەن و بزانن کە ئێران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە، پێویستە بە هاوکاریی دۆستان و ئازادیخوازان و تیکۆشەرانی مافی مرۆڤ و خەڵکی ئەو وڵاتە، لە داهاتوودا بگات بە قۆناغێک کە چیدی لە سەر را دەربڕین و جیاوازیی رەنگەکان، گرتن و کوشتن و ئیعدام و ئەشکەنجە نەبێتە بەشی شارۆمەندانی.
دواتر " ئالف ئۆگە هانسن" لە بەشی راوێژکاریی تایبەتیی ناوەندی ئوسلۆ بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لە گەڵ کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی نەتەوەکانی ئێراندا کۆبوونەتەوە و بەڵێنی دا کە ناوەندەکەیان هەوڵبدات رێگەی ئاشنابوونی زیاتر بە ئورگانەکانی چالاک لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ، بڕەخسێنێ و هەروەها ئاماژەی دا بەوەی کە ئەوان نیگەرانی بارودۆخی ئەمڕۆی ئێرانن و قامکی خستە سەر ئەو خاڵە کە بە داخەوە ئێستا لە ئێراندا تەنانەت منداڵانیش ئیعدام دەکرێن و ئەو رێژیمە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
ئەو دانیشتنە کە کاتژمێر ١٤:٠٠ دەستی پێکرد، پاش نزیک بە کاتژمێرێک کۆتایی پێهات و دوو لایەن لەسەر ئەوە ساغ بوونەوە کە هاوکارییەکانیان لە داهاتوودا زیاتر بکەن.
شایانی باسە شاندی کەمپەینی بەرگری لە زینداییانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا، پێکهاتبوو لە بەڕێزان مەنسوور عەزیزی و حەسەن سوڵتانپەنا.

کەمپەینی بەرگری لە زینداییانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران_ نورویژ
٢٢ی ٣ی ٢٠١١ی زایینی