كوبوونه‌وه‌ی شاندیًکی كه مپه ین له‌ گه‌ڵ ئه‌منستی ئێنترناشیوناڵ

رۆژی دوو شەممە، رێکەوتی ٢١ی ٣ی ٢٠١١ی زایینی، کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی_ لقی نورویژ لە گەڵ رێکخراوی " ئەمنستی ئینترناشناڵ" لە نورویژ، کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ناوەندی سەرەکی رێکخراوی  " ئەمنستی ئینترناشناڵ" کاتژمێر ١٣:٠٠ پێکهات، سەرەتا " یۆن پێدر ئێگناس" سەرۆکی ئەمنستی" بە خیرهاتنی شاندی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێرانی کرد و داوای کرد کە لە پێوەندی لە گەڵ زیندانییانی سیاسی نەتەوەکانی ئێراندا، زانیارییەکانی خۆیان بدەن بەو رێکخراوە.
پاش قسەکانی ناوبراو، مەنسوور عەزیزی، ووتەبێژی کەمپەین لە نورویژ، لە سەر رووداوەکانی ئەم دواییانە و خۆپیشاندانی ئازادیخوازانەی وڵاتانی باکووری ئافریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە رەوتی ئازادی و دێموکراسیخوازی لە ئێران هەردەم لە گۆڕێدا بووە لە پێناو هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ئیراندا، بەڵام هەردەم و بە تایبەت لەم سی ساڵەی دواییدا، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئازادیخوازانی سەرکوت کردووە و ئێستاش بە هەزاران بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئەو رێژیمەدا، ئەشکەنجە دەدرێن و ناعادڵانە بڕیاری کوشتن و ئیعدامیان بەسەردا دەسەپێنرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە باس لەسەر زیندانییانی سیاسی ئێران، هەردەم گرنگی  بەوە بدرێ کە بەشێکی زۆری ئەو زینداییانە، سەر بە نەتەوەکانی دانیشتووی چوارچێوەی جوغرافی سیاسی ئێرانن کە مافەکانیان بە تەواوی زەوت کراوە، وەک کورد، عەرەب، بەلووچ، ئازەری، بەهایی وەک کەمینەی ئایینی و کەمینەکانی دیکە و پێویستە قامک بخرێتە سەر ئەو خاڵانەی کە ئەو بەندکراوانە لەسەر چی و بۆ، دژواترین سزایان بە سەردا دەسەپێنرێ.سەرۆکی " ئەمنستی ئێنترناشنال" لە نورویژ، " یۆن پێدر" لە گەڵ ئەوەی سوپاسی کەمپەینەکەی کرد بۆ کاروچالاکییەکانیان، بەڵێنی دا کە هەموو زانیارییەکانی کەمپەین بنێرێ بۆ ناوەندی سەرەکییان لە لەندەنی پێتەختی ئینگلستان و داوای کرد کە کەمپەین بەردەوام هاوکاریی خۆی لە گەڵیاندا درێژە پێبدات.لەو دانیشتنەدا کە نزیک بە کاتژمێرێکی خایاند، دوو لایەن لەسە رئەوە ساخ بوونەوە کە پێوەندییەکانیان درێژە پێبدەن.شایانی باسە کە شاندی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیان سیاسی لەو دانیشتنە، پێکهاتبوو لە بەڕێزان مەنسوور عەزیزی، موحەممەد ئیسماعیلزادە و حەسەن سوڵتانپەنا.