كۆبوونه‌وه‌ی كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران - لقی سویس له‌ گه‌ڵ به‌رپرسی دۆسیه‌ی ئێران له‌ كومیته‌ی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

روژی هه‌ینی 11/3/2011  هه‌یئه‌تێكی كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌توه‌كانی ئێران ـ لقی سوویس له‌ گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌رپرسی دۆسیه‌ی ئێران له‌ كومیته‌ی مافی مرۆڤ سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ژێنڤ كۆبوونه‌وه‌. له‌و دانیشتنه‌دا هه‌یئه‌تی ناوبراو به‌ وردی پێكهێنانی كه‌مپه‌ینی و ئامانجه‌كانی بۆ باس كردن و پاشان لیستی زیاتر له‌ 400 به‌ند كراوی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی ته‌حوێل دان و بارودۆخی ناله‌باری زیندانیانی سیاسی له‌ ئێران و ئیعدامی بێ پسانه‌وه‌ و له‌ راده‌به‌رده‌ر و  به‌ بیانووی ساخته‌یی و دروست كراوی كۆماری ئیسلامی، كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ئیعدامانه‌ سیاسین به‌ وردی باسی له‌ سه‌ر كرا.
پاشان رێككه‌تنامه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواروه‌ی له‌ خۆ ده‌گرت ده‌ركرا:
1ـ رێكخراوی مافی مرۆڤ، كۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بكات كه‌ له‌وه‌ زیاتر مافی مرۆڤ پێشێل نه‌كات و به‌ند كراوه‌ سیاسیه‌كان ئازاد بكات. 
2ـ نه‌هێشتنی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و ره‌گه‌زیی.
3ـ لێكۆڵینه‌وه‌ی روون و سه‌ربه‌خۆ له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تێك له‌ رێكخراوی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌ندیخانه‌كانی ئێران و بارودۆخی به‌ند كراوه‌ سیاسیه‌كان له‌ ئێران.
له‌ كۆتایی دا هه‌ر دوولا ئاماده‌یی خۆیان بو پێكه‌وه‌ كار كردن ده‌ربڕی

كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ـ لقی سوویس
13/3/2011