چالاكی و خۆپیشاندان له‌ نوروێژ بۆ پشتیوانی له‌ په‌نابه‌رانی سیاسی و زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران

بۆ نیشاندانی دژایەتی لەگەڵ، حوکمی لە سێدارەدان و کوشتن و دەستبەسەرکردنی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی و بوارەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها مەحکومکردنی رادەستکردنەوەی پەنابەری لاوی کورد، رەحیم رۆستەمی، لە لایەن نورویژەوە، بە رێژیمی ئێران، لەسەر داوای کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران و کۆمەڵەی کولتووری گشتیی کوردی لە نورویژ،  رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی ٤ی ٢٠١١ی  زایینی ، بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتە، لەبەردەم وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە و داواکانی خۆیانیان هێنایە گۆڕێ.



شایانی باسە بەرنامەی کاریی ئەو خۆپیشاندانە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
١. پەیامی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران بە زمانی نورویژی، لە لایەن گووتەبێژی کەمپەین لەم وڵاتە، بەڕێز مەنسوور عەزیزی.
٢. پەیامی کۆمیتەی بەرگری لە مافی پەنابەرانی کورد و ئێرانی لە نورویژ، لە لایەن بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە، بەڕێز حامید مالکی.
٣.پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە نورویژ، لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ناوبراو لەم وڵاتە، بەرێز سمکۆ ئیسماعیلزادە.
پاشان بەشداربووان بە سێ  زمانی کوردی، نورویژی و فارسی ، ئەم دروشمانەی خوارەوەیان بە دەنگی بەرز گووتنەوە:
 بڕوخێ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی، نا بۆ گرتن و کوشتن و لە سێدارەدان، سەرکەوێ ئازادی و دێموکراسی، باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران دەبێ دابخرێ لە نورویژ  و هەروەها  چەند دروشمی دیکە.
هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەدا بوو کە مەنسوور عەزیزی، گووتەبێژی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی نەتەوەکانی ئێران و کامیل قادری، بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی کولتووری کوردی گشتی لە نورویژ،  بە فەرمی چوونە ژوورەوەی  وەزارەتی دەرەوە و داوانامەی کەمپەینیان پاش نزیک بە ١٠ خولەک باس کردن لە سەر خۆپیشاندانەکە و ئامانجەکانی، پێشکەش بەو وەزارەتە لە بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و بەشی تایبەت بە کوردەکانی کوردستانی ئێران، کرد.
شایانی باسە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی نورویژ، بە توندی کەوتۆتە ژێر گووشار و دەرگە دێبلوماسیەکانیان لە ژێر گوشار و خۆپیشاندانی کوردان و ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی نورویژ بەشێوەیەک لێ داخراوە و دەسەڵاتی نورویژیش بە پارێزەوە لە گەڵیاندا مامەڵە دەکات.
ئەو گوشارانە بۆ سەر ئەو باڵوێزخانەیە تا ئاستێکە کە رۆژی پێنجشەممە، پاش خۆپیشاندانێکی دیکەی دژ بە رێژیم لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی ئێران، چەند کەس  لە خۆپیشاندەران بە دوای تەواوبوونی خۆپیشاندانەکە، لە کاتێکدا کە لە ئەمبەری شەقامی باڵوێزخانەدا، تێدەپەڕین ، هەشت  کەس لە کارگێڕ و بەکرێگیراوانی رێژیم ، بە مەبەستی راکیشکردنیان بۆ نێو ژووری باڵوێزخانە ، هێرش دەکەنە سەریان و بە تووندی دەیاندەنە بەر کوتان و لێدان، بە چەشنێک کە کەسێک لە خۆپیشاندەران بە تەواوی بێهێز دەکەوێ و بە ئامبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
 لە گەرمەی ئەو رووداوەدا، دوو پۆلیسی ئامادە لەو جێگەیە، گەواهی دەدەن کە ئەوە پیاوانی رێژیمی ئێران بوونە پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە و ویستوویانە بیانکێشنە نیو باڵوێزخانەکە و لە بەرانبەردا پاش ئەوەی خۆپیشاندەرانی دیکە بەو رووداوەیان زانیوە، زوو لەوی ئامادە بوونە و بە هانای ئەو چەند کەسەی دیکەوە رۆیشتوون.
ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی کە پولیس چەند کەس لە کارگێڕانی رێژیم، قۆڵبەست بکات.




شایانی باسە تا کاتی ناردنی ئەم هەواڵە لێکۆڵینەوەکان لەو پێوەندییەدا، لە لایەن پۆلیسی نورویژەوە، درێژەیان هەیە.