مه‌ترسی له‌ سێداره‌ دانی 12 زیندانی سیاسی له‌ شاری ورمێ و روودانی پێكدادان له‌ نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كانی رێژیم

دوو‌شه‌ممه‌،7 ره‌شه‌مه‌ی 1389
كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران
كۆماری ئیسلامی له‌ شاری ورمێ ده‌یهه‌وێت به‌یانی دووشه‌ممه‌،9ی ره‌شه‌ممه‌ 12 كه‌س له‌ زیندانیانی سیاسی له‌ سێدراه‌ بدات و خه‌ڵكیش بۆ ده‌ربڕینی ناڕزایه‌تی له‌ به‌ر ده‌م ئۆستانداری ئه‌م شاره‌ كۆبوونووه‌ته‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ كه‌ له‌ شاری ورمێ به‌ كه‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران گه‌یشتووه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ خه‌ڵكی شاری ورمێ به‌ دروشم دان دژی رێژیم به‌ره‌و به‌رده‌م ئۆستانداری ئه‌م شاره‌ كه‌توونه‌ رێ و هێزه‌كانی رێژمیش ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵك كردووه‌. ناڕازییان كه‌ به‌ دوای بیستنی هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی 12 كه‌س له‌ زیندانیانی سیاسی بۆ شوێنێكی نادیار و ئه‌وه‌یكه‌ گوایه‌ قه‌راره‌ به‌یانی له‌ سێداره‌ بدرێن ده‌سیتان داوه‌ته‌ ناڕزایه‌تی ده‌ربڕین. له‌ ئاكامی تێكه‌هه‌ڵچوونه‌كانی نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كانی رێژیم كه‌ تا كاتی دانانی ئه‌م هه‌واڵه‌ واتا 10:30 شه‌و به‌رده‌وامه‌ ئه‌فسه‌رێك بریندار بووه‌.
شایانی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وه‌ پێش دوو زیندانیانی سیاسی كورد، حسێن خزری و فه‌رهاد تارم له‌ ورمێ له‌ سێداره‌ دران.