به‌یاننامه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ فه‌رهه‌نگی‌، ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌ریی‌ وێژان بۆ پشتگیری‌ له‌ كه‌مپه‌ینی‌ زیندانیانی‌ سیاسیی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران

ـ ئه‌دیبان، نووسه‌ران، قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان!
 ـ هاونیشتمانانی‌ كورد و نه‌ته‌وه‌ سته‌م لێكراوه‌كانی‌ ئێران!
 له‌ دۆخێَكدا كه‌ ئاڵوگۆڕه‌ جیهانی‌ و ناوچه‌ییه‌كان به‌ خێَرایی‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆن و ئازادییه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان و كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ خه‌ریكن فۆرم و قه‌واره‌ی‌ خۆیان ده‌گرن، به‌ڵام له‌ ئێرانی‌ ژێَر ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌شی‌ دیكتاتۆری‌ و دژه‌ ئازادیدا، هه‌موو ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانه‌كان بۆ راده‌ربڕین، نووسین و ره‌خنه‌گرتن به‌رته‌سك و سنووردار كراونه‌ته‌وه‌ و كه‌رامه‌ت و به‌ها مرۆییه‌كان خه‌وشدار كراون. قه‌یران و ئاڵۆزی‌ وڵاتی‌ ته‌نیوه‌ و هه‌موو چین و توێژه‌ چالاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ و به‌تایبه‌ت نوخبه‌ و نووسه‌ر و جیابیران خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ و كه‌ش و دۆخَێكی‌ پڕ له‌ مه‌ترسی‌ و شڵه‌ژان  ...
وڵاتی‌ ته‌نیوه‌. له‌م نێوه‌دا نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی‌ پَكهێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێران، كه‌ پتر له‌ ناوچه‌كانی‌ دی‌ له‌ مه‌یدانی‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فه‌رهه‌نگیدا قاڵ بوونه‌ته‌وه‌ و ئێستاش وه‌ك پێشه‌نگی‌ كاروانی‌ ئازادیخوازیی‌ وڵات له‌ مه‌یدان دان، كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی‌ سه‌ركوت و ده‌ستبه‌سه‌ر كران و به‌بێ‌ هۆ و ته‌نیا به‌ تۆمه‌تی‌ بیری‌ جیاواز و پێكهێنانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئازاد و دێمۆكراتیك له‌ زیندانه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ حوكمی‌ ناڕه‌وا و نایاساییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر نامرۆڤانه‌ترین هه‌ڵسوكه‌وت و له‌ دۆخێكی‌ ناله‌باری‌ رۆحی‌ و جه‌سته‌ییدا ده‌ژین. ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ سه‌ركوت و ده‌ستبه‌سه‌ر كرانانه‌ كه‌ له‌مێژه‌ له‌ گۆڕێ دان، نوسه‌ران، شاعێَران، ئه‌دیبان و چالاكانی‌ فه‌رهه‌نگی‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران و له‌ سه‌رووی‌ هه‌موانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردی‌ گرته‌وه‌ و قه‌ڵه‌م و بیره‌ ئازادیخوازه‌كانی‌ نیشتمان كه‌وتنه‌ به‌ر تیغی‌ سانسۆر و سه‌ركوتی‌ جه‌لاده‌كانی‌ سه‌رده‌م و زیندان بوو به‌ به‌شێَك له‌ ژیانی‌ نووسه‌ران. به‌ مه‌به‌ستی‌ رۆشنگه‌ریی‌ زیاتر و له‌قاودانی‌ سیاسه‌ته‌ دژه‌ مرۆییه‌كانی‌ رێژیمی‌ تاران و پشتیوانی‌ له‌ زیندانیانی‌ سیاسیی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران، كه‌مپه‌ینێك وه‌ڕێ‌ خراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌مڕۆیی‌ و مه‌ده‌نیانه‌ كار و چالاكیه‌كانیان ده‌ست پێكردووه‌. "ناوه‌ندی‌ فه‌رهه‌نگی‌، ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌ریی‌ وێژان" وێڕای‌ پشتگیری‌ و پشتیوانیی‌ خۆی‌ له‌م كاره‌ به‌نرخ و مرۆڤدۆستانه‌یه‌ راده‌گه‌یه‌نێ‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ ره‌واو و سه‌رده‌میانه‌ كه‌ له‌پێناو ده‌سته‌به‌ری‌ ئازادیی‌ راده‌بڕین و نووسین و كه‌رامه‌ت و به‌های‌ كۆمه‌ڵانی‌ به‌رینی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێراندا بێت، به‌رزی‌ ده‌نرخێنین و بۆ به‌دیهاتنی‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌رك و چالاكییه‌كانماندا كاری‌ بۆ ده‌كه‌ین. پشتیوانی‌ له‌ ئامانجه‌كانی‌ كه‌مپه‌ینی‌ پشتگیری‌ له‌ زندانیانی‌ سیاسیی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆمان ده‌زانین.
سه‌ركه‌وێ‌ بیری‌ ئازادخوازیی‌ گه‌لانی‌ ئێران.
كۆمیته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ گشتیی‌
ناوه‌ندی‌ فه‌رهه‌نگی‌، ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌ریی‌ وێژان