كۆڕ و كۆمه‌ڵه مرۆڤ‌دۆسته‌كان
گه‌لانی ئازادیخواز و زۆرلێكراوی ئێران
خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ر و خه‌باتگێڕی كوردستان
له هه‌لومه‌رجێكدا كه شنه‌بای ئازادی و گه‌یشتن به خه‌ون و خولیایی‌یه‌كانی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ڵات و بنده‌ست، هه‌ڵی كردۆتێ و مه‌یدانی شه‌ڕانخێوی زۆرداران و ده‌سته‌ڵاته سه‌ره‌ڕۆكانی ناوچه‌كه به‌رته‌سك بۆته‌وه و كۆشك و ته‌لاری زوڵم و زۆرداریان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، كۆماری ئیسلامیی ئێران سوورتر و بێ‌به‌زه‌ییانه‌تر له ڕابردوو، خه‌ڵكی ئازادیخواز و مافخوازی ئێران به هه‌موو پێكه‌اته نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانه‌وه، ده‌خاته به‌ر هێرشی نامرۆڤانه و نه‌یارانه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆی خۆی و جگه له كوشت و بڕی چین و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و خه‌ڵكانی چالاك و چاوكراوه، له ڕێگای زیندان ...
و ئازاره روحی و جه‌سته‌یی‌یه‌كانیشه‌وه، به خه‌یاڵی خاوی خۆی پێش به ویست و داخوازیه‌یه‌كانی خه‌ڵك ده‌گری.
سه‌ركووت، ئێعدام، بێ‌سه‌رو شوێنكردن و زیندانیكردنی یه‌ك له دوای یه‌كی چالاكان و جیابیرانی گه‌لانی ئێران له لایه‌ك و بێ‌نرخكردن و سڕینه‌وه‌ی به‌ها و بایه نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و كولتوورییه‌كان له لایه‌كی دیكه‌وه، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی ئاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌لك و به‌رچاوترین به‌ڵگه‌ی پێشێلكردنی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌لانی وه‌زاڵه‌هاتووی ئه‌و وڵاته‌یه.
هه‌ر بۆیه جێگای خۆیه‌تی هه‌ر هه‌وڵێكی ئه‌رێنی كه نیشانه‌ی هاوخه‌می و هاوخه‌باتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی هێرش و مه‌ترسی‌یه‌كانی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه بێت، به‌رز بنه‌رخێندرێ و پشتگیری لێبكرێت.
هه‌ر به‌و ڕاده‌یه كه داكۆكی و پشتیوانیكردن له زیندانییانی سیاسی له ژێر ناوی كه‌مپه‌ینی زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران هه‌نگاوێكی شیاو و هه‌ڵوێستێكی مرۆڤ‌دۆستانه‌یه، پشتیوانی و پشتگیریكردن له‌و كه‌مپینه‌ش، پێویستێكی هه‌نووكه‌یی و ئه‌ركێكی به‌رپرسانه و ئه‌وڕۆیی‌یه. بۆیه ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی كولتووری كوردی له نۆروێژ، وێڕای به‌رزنرخاندنی ئه‌و هه‌ڵوێسته، پشتگیری و پشتیوانیی خۆمان له كه‌مپینی زیندانییانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نین و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ به ئاوات ده‌خوازین.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لانی زۆرلێكراوی ئێران
كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی كولتووریی كوردی له نۆروێژ
27 / 2 / 2011 ی زایینی