به‌یاننامه‌ی‌ یه‌كیه‌تی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێران

بۆ پشتگیری‌ له‌ كه‌مپه‌ینی‌به‏رگری له‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران
هاونیشتمانیانی‌ به‌رێز، خه‌ڵكی‌ تێكۆشه‌ری‌ كوردستان، مامۆستایانی‌ ئایینی‌ ،
  كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ و سه‌ررۆیی خۆی‌ دا له‌ژێر ناوی‌ ئیسلامی‌ پیرۆزدا، گرتن و ئیعدام و بێسه‌رو شوێن كردنی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران به‌تایبه‌تی‌ كوردستان درێژه‌ پێ ده ‌دات، ئێمه‌ وه‌ك زانایانی‌ ئائینی‌ كوردستانی‌ ئێران ده‌ست درێژی‌ بۆ سه‌ر هاونیشتمانانی‌ ئێرانی‌ له‌ ژێر هه‌ر ناوێك و به‌ هه‌ر بیانویه‌ك شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. ئه‌و كرده‌وانه‌ی‌ كه‌ كۆماری‌ به‌ ناو ئیسلامی‌ دژی هاونیشتمانانی‌ ئێران به‌رێوه‌ی‌ ده‌با، دور له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ كردارێكی‌ ئائینی‌ و ئیسلامی‌ یه‌ له‌ لای‌ خوای‌ گه‌وره‌و له‌ لای‌ ئائینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلامه‌وه‌ قه بووڵ ناكرێت. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ كه‌ له‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوو به‌تایبه‌تی‌ له‌ مانگی‌ 25ی‌ رێبه‌ندان به‌ملاوه‌ رژانه‌ سه‌ر ...
شه‌قامه‌كان هاواری‌ چه‌وساوه‌كان و دایكه‌ برینداره‌كان و خۆشك و برا بێسه‌روشوێن كراوه‌كانیان به‌رز كرده‌وه‌، ئه‌و خۆراگری‌ و به‌ربه‌ره‌كانیه‌ مه‌ده‌نیه‌ كه‌ وه‌ڵامی‌ به‌ ئاورو ئاسن درایه‌وه‌، هاواری‌ نه‌ته‌وه‌كان و باقی‌ خه‌ڵكی‌ برسی و ره‌ش‏وروتی‌ وڵاتمانه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ دیكتاتۆرترین رژێمی‌ سه‌رده‌م واته‌ كۆماری‌ به‌ناو ئیسلامی‌ ئێران سه‌ركۆت ده‌كرێن، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ غه‌دار ده‌بێ بزانن به‌ چه‌واشه‌كاری‌ له‌ دینی‌ ئیسلام و به‌ناوی‌ قورئانی‌ پیرۆزه‌وه‌ ناتوانێ هه‌تا هه‌تایه‌ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نگریسی‌ خۆیان بده‌ن.
ئێمه‌ یه‌كیه‌تی‌ زانایانی‌ ئائینی‌ كوردستانی‌ ئێران پشتگیری‌ خۆمان له‌ كه‌مپه‌ینی‌ به‌رگری‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ئێران ده‌رده‌برین، پێیان ده‌ڵێین ئێمه‌ش پشتیوان و پشتگیریانین. داواش له‌ هه‌موو موسڵمانانی‌ كوردستان و ئێران و جیهان ده‌كه‌ین ئاورێك له‌ نه‌ته‌وه‌ به‌شخوراوه‌كانی‌ ئێران بده‌نه‌وه‌ تا هه‌م مافی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ خۆیان ده‌سته‌ به‌ر بكه‌ن و هه‌م زیندانیانی‌ سیاسی‌ كه‌ بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌ بێ‌ دادگایه‌كانی‌ دا زیندان و ئیعدام ده‌كرێن هه‌وڵی‌ رزگاری‌ و ئازادیان بده‌ن.
" والسلام علیكم و رحمه‌ الهێ‌ و بركاته‏ "
یه‌كیه‌تی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ كوردستانی‌ ئێران
26 ره‌بیع الاولی ساڵی 1432 هیجری
11ی‌ ره‌شه‌مه‌ی‌ 2710ی‌ كوردی‌